ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری چەند شارەزایەکی ئابورییەوە پێشبینیدەکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ خوار 40 دۆلار داببەزێت.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن ئاژانسەکەوە بڵاوکراوەتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕی بازرگانی، کە بووەتەهۆی خاوبوونەوە و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک پڵەسەوە، تا کۆتایی ساڵی 2026، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ خوار 40 دۆلار دادەبەزێت.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (گۆڵدمان ساکس)ـی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردووە، نرخی نەوت بەراورد بە ئێستا روو لە دابەزین دەکات، بەڵام تا کۆتایی ساڵی 2026، نرخەکەی لە 55 دۆلار زیاتر دانابەزێت.
بازاڕی نەوتی جیهانی لەم دواییانەدا ناجێگیرییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش لە ئەنجامی پەرەسەندنی گرژییە بازرگانییەکان کە پاش سەپاندنی باج بەسەر وڵاتاندا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دروستبوو؛ ئەمەش مەترسیی دابەزینی خواستی وزەی بەرزکردووەتەوە.