نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی فێرکاریی کەرکوک دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی مانگا، گامێش، مەڕ و بزن لە تای خوێنبەربوون راگەیاند.
تەلعەت مەحمود بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڤێتێرنەریی فێرکاریی کەرکوک رایگەیاند، بە پشتبەستن بەو رێنماییانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەرچووە، ستافی نەخۆشخانەکە هەڵمەتێکی هەمەلایەنە، خۆبەخشانە و نیشتمانییان دەستپێکرد بۆ پاراستنی مانگا، گامێش، مەڕ و بزن لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.
وتیشی، لە هەفتەی یەکەمی هەڵمەتەکەدا، ئاژەڵەکان دەڕشێندرێن و دەخرێنە ناو ئاوەوە، بەمەبەستی پاکبوونەوەیان و دووربوونیان لەو نەخۆشییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکەیان ژووری نەشتەرگەری و تیمی ڤێتێرنەریی تایبەتی بۆ ئەم نەخۆشییە داناوە.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێکى رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، %40ـی ئەو كەسانەی توشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.
ئەو نیشانانەی کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم، چاو و گوێ، هەروەها تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار، کۆما، هێڵنج، لەکارکەوتنی گورچیلە یان جگەر، کێشەی هەناسەدان).