بە چەند قۆناغێک قەرەبووی کاسبکارانی بازاڕی دارەسووتاوەکە جێبەجێدەکرێت بەپێی ئەو خەمڵاندنەی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دیاریدەکات.
عەتا محەمەد، بەڕێوەبەریی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی کاسبکارانی بازاڕی دارەسووتاوەکە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، لەوانە: قۆناغێ یەکەم، بریتییە لە پاکردنەوەی بازاڕەکە، پاشان شۆردنی بازاڕەکە، قۆناغی سێیەم قەرەبووکردنەوەی کاسبکارەکانە بە شێوازی نەقدی، کە خۆیان دەست بە نۆژەنکردنەوەکە دەکەن، بە سەرپەرشتیی ئەندازیارانی شارەوانیی سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشدا، لە قۆناغی کۆتایی قەرەبووکردنەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی تۆڕی کارەبایی سەرجەم بازاڕەکە نۆژەندەکاتەوە.
هاوکات، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی هەفتەیەکدا قەرەبووی خاوەن دوکانەکان دەکرێتەو بەپێی ئەو خەمڵاندنەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانییەوە دیاریدەکرێت.
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، بەڵێنمان بە کاسبارانی بازاڕەکە داوە ئەوەی لە تواناماندابێت بێت بۆ کەمکردنەوەی بەشێکی ئازاری و ناخۆشییەکەیان ئەنجامی دەدەین.