ئەندامێکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، داوایانکردووە گۆڕانکارییەکی نوێ لە یاسای هەڵبژاردندا بکرێت.
رائید مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، بە نوسراو داوایانکردووە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا، هەر پارێزگایەک بە یەک بازنەی هەڵبژاردن هەژماربکرێت، جگە لە پارێزگاکانی بەغداد، بەسرە و موسڵ، کە هەریەکەیان دابەشدەکرێن بەسەر دوو بازنەی هەڵبژاردندا.
بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، بەشێکی دیکەی گۆڕانکارییەکە بریتییە لە سنوردارکردنی ژمارەی کاندیدەکانی ناو لیستەکان، بۆ ئەوەی لە ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ هەر بازنەیەک زیاتر نەبێت.
لە هەموارکردنەوەکەدا پێشنیازکراوە، 30%ی کورسییەکانی هەر بازنەیەک بۆ ئەو کاندیدانەی زۆرترین دەنگیان هەیە تەرخانبکرێت، لەکاتێکدا پێشتر 70%ی کورسییەکان تەرخاندەکرا.
باسلەوەشکراوە، هەر پارێزگارێک یان ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران کاندیدبکات، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و یاسایی دووردەخرێتەوە، ئەمەش بە ئامانجی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی پۆستەکان و ئیستغلالکردنی پۆستەکانی ئێستا بۆ مەبەستی هەڵبژاردن.