سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، “هەوڵەکانمان بۆ پاراستنی مافی هەموولایەک بەردەوامدەبێت”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “بەبۆنەی جەژنی ئەکیتۆ و سەری ساڵی نوێی بابلی – ئاشووری، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرم ئاڕاستەی خوشک و برایانی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم وەک هەمیشە لە کەشێکی ئارام و شادیدا ئەم جەژنە بەڕێبکەن”.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، “لەم رۆژەدا تەئکید لە قووڵکردنەوەی گیانی برایەتی و پێکەوەیی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان دەکەینەوە بە تایبەت کلدانی، ئاشووری و سریانییەکان کە بەشێکی گرنگیی گەلەکەمانن”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوەش دەڵێت، “هەوڵەکانیشمان بۆ پاراستنی مافی هەموولایەک بەردەوامدەبێت لە پێناو سەقامگیریی زیاتر و پێکەوەژیان لە وڵاتەکەماندا”.