وەزارەتی رۆشنبیری رایدەگەیەنێت، ” ئەو کەناڵانەی رووماڵی رووداوی کوشتن دەکەن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە”.
لە نووسراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمدا هاتووە، “ئاگاداری سەرجەم میدیای بینراو، بیستراو، پۆرتاڵ و رایەڵە ئەلیکترۆنییەکان دەکەینەوە، خۆتان بەدووربگرن لە بڵاوکردنەوە و رووماڵی هەواڵی تاوان، بەتایبەت تاوانی کوشتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو و لێکدانەوە و شێوازی ئەنجامدانی تاوانەکە کە پێچەوانەی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانە”.
لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە کاریگەریی دەروونیی خراپی دەبێت لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە و بەلاڕێدابردنی رەوتی لێکۆڵینەوەکان و دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی”.
وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، “رێکاری یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە”.