وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، “شەوی قەدر لە مزگەوتی جەلیل خەیات کاتژمێر یەک کۆتاییدێت”.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێم رایگەیاند، “لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە دوای نوێژی عیشا و تەراویحەوە راستەوخۆ بۆ شەوی قەدر دادەنیشن تاوەکو کاتژمێر یەکی شەو”.
دەشڵێت، “لەیەکی شەوەوە خواردن پێشکەشدەکرێت ئەمەش چەندین ساڵە بەم شێوەیەیە، شەوی قەدر یەکی شەو کۆتاییدێت و خواردن پێشکەشدەکرێت، دوای ئەوە ھەرچی بوترێت زیادەیە”.
شەوی رابردوو، بەشێک لە هاوڵاتییانی هەولێر روویان لە مزگەوتی جەلیل خەیات کرد بۆ ئەوەی لە شەوی قەدردا پەرستشە ئایینییەکان لەوێ ئەنجامبدەن و بێداربن، بەڵام رێگرییان لێکرا و دەرگای مزگەوتەکەیان بەڕوودا داخرا.