وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 25 هەزار خانەنشین رووبەرووی دواکەوتنی مووچە بوونەتەوە و پێویستە مامەڵەکانیان خێراتر بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، سادق عوسمان، وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێویستە بۆ زیاتر دوانەکەوتنی مووچەی خانەنشینان، ژمارەی تیمی وردبینی لە بەرێوەبەرایەتیی خانەشینی زیادبکرێت تاوەکو پڕۆسەکە خێراتر بکرێت، چونکە ئەگەر مامەڵەکان بەم جۆرە بەردەوام بن ئەوا خانەنشینان مووچەی پێنج مانگییان دەفەوتێت.
وتیشی، “ئەو خانەنشینانەی رووبەرووی دواکەوتنی مووچە بوونەتەوە زیاتر لە 25 هەزار کەسن”.
ئاماژەی بەوەشدا، لە شاری سلێمانی زیاتر لە 11 هەزار مامەڵەی خانەشینی بوونی هەیە و لەو ژمارەیە تەنها 150 کەسییان مامەڵەیان بۆ ئەنجامدراوە، ئەو کەسانەشی مامەڵەکانیان تەواوبووە، مووچەی مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات و ئازار (یەک، دوو، سێ) وەردەگرن.
هاوکات، دەربارەی چارەنووسی 100 هەزاری خانەنشینان ئاماژەی بەوەشدا، لەئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێم داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە جارێکی دیکە هەرێـمی کوردستانیش بگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت بۆ مانگی چوار بڕە پارەکە بگەڕێتەوە.