بە بڕیارى دادوەر شێروان شێروانى ئازادناکرێت و بڕیارى ئازادکردنى بەمەرج نایگرێتەوە و برایەکیشى دەڵێت، دەستکاریى نووسراوى ناو دۆسیەکەى کراوە.
بارزان شێروانى، براى شێروان شێروانى چالاکوانى زیندانیکراوى بادینان بە تۆڕى میدیایى ئێستاى رایگەیاند، رۆژى چوارشەممە نووسراوەکانى شێروان شێروانى خرایە بەردەم دادوەر کە تیایدا توێژەرانى زیندان هەڵسوکەوتى ناوبراویان “بە گونجاو ناوبردبوو و شتى باشیان لەسەر نووسیبوو”.
وتیشى، “دادوەر ئەو رۆژە رایگەیاند کە هەفتەى داهاتوو بڕیار لەبارەى دۆسیەکەوە دەدات، چونکە رۆژى پێنجشەممە دەوام ناکات و مۆڵەتە، بەڵام ئەمڕۆ بۆمان روون بووەوە کە رۆژى پێنجشەممە بڕیارى لەسەر دۆسیەکە داوە بەوەى ئازادناکرێت، چونکە گوایە هەڵسوکەوتى لە زیندان باش نەبووە، ئەوەش نیشانەى ئەوەیە کە دەستکارى نووسراوەکە کراوە”.
بارزان شێروان روونیشیکردەوە، بەوەش بڕیارى ئازادکردنى بەمەرج شێروان شێروانى ناگرێتەوە و بەهۆیەوە تا 9ى ئەیلولى داهاتوو لە زیندان دەمێنێتەوە.