بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، پرۆسەی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە و لەمڕۆوە، بۆ ماوەی سێ رۆژ کارەبای نیشتمانی بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بە ئامادەبونی ئەندازیار ئەنوەر حەمە سعید بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی، ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم، تیمێکی پرۆژەی رووناکی، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سليمانی و بەڕێوەبەری گواستنەوەی کارەبای سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە 15/3/2025، پرۆسەی تاقیکردنەوەی فشاری سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی چووە بواری جێبەجێکردنەوە”.
دەشڵێت، لە کاژمێر 1:00 پاشنیوەڕۆە، زۆنی سەنتەری ناو شار بۆ ماوەی سێ رۆژ کارەبای نیشتمانی بەردەوام دەبێت.
کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم تاقیکردنەوەیە رێکارێکی رۆتینییە بۆ هەڵسەنگاندنی تۆڕەکانی کارەبا لەلایەن وەزارەتی کارەبا ئەنجامدەدرێت، بەمەبەستی دۆزینەوە و دیاریکردنی کێشە و خاڵە لاوازەکانی سەر تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە سلێمانی .