لە رووداوێکی نائاساییدا، تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی زانکۆی مەنسوورە لە میسڕ توانییان مۆبایلێک لە گەدەی نەخۆشێک دەربهێنن، کە ماوەی شەش ساڵ بوو لە گەدەیدا مابووەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە رۆژنامەکانی ئەو وڵاتە بڵاوکراونەتەوە، نەخۆشەکە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و لە زیندانی گاماسا زیندان بووە، بەهۆی بوونی ئازاری گەدەوە بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکە و دوای ئەنجامدانی پشکنینی پێویست، دەرکەوتووە کە مۆبایلێک لەناو گەدەیدا هەیە.
لە لێکۆڵینەوەکانی ئەو تیمە پزیشکییەدا ئەوە ئاشکرابووە، ئەو مۆبایلە ماوەی شەش ساڵ بووە لە گەدەی ئەو زیندانییەدا بووە، ئەمەش کێشەی تەندروستیی گەورەی بۆ دروستکردووە، کە دیارترینیان دابەزاندنی کێشی بووە، بەجۆرێک، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 30 کیلۆ کێشی لەشی دابەزیوە و پزیشکەکانیش بۆیان دەرکەوتووە، کە توشی هەوکردنی توند و برینی گەدە بووە.
پاش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، پزیشکەکان دەستبەجێ نەشتەرگەرییەکی 45 خولەکییان بۆ ئەنجامداوە و مۆبایلەکەیان لە گەدەیدا دەرهێناوە.
هاوکات رۆژنامە ناوخۆییەکان باسلەوەدەکەن، نەخۆشەکە پێشتر چەندجارێک هەوڵیداوە مۆبایلەکە لە سکی دەربهێنێت و سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام ئەوە رووننەکراوەتەوە کە ویستوویەتی بە چ رێگەیەک دەریبهێنێت.