قوباد تاڵەبانی، رایگەیاند، “لە کاتێکدا یادی راپەڕین دەکەینەوە کە گەشبینییەک سەبارەت بە ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دروستبووە”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە یادی راپەڕینی کورد دا رایگەیاند، “بەوپەڕی رێز و شکۆوە یادی راپەڕینە مەزنەکەی گەلەمان دەکەینەوە، راپەڕین لەلایەکەوە دەرئەنجامی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی رۆڵەکانی گەلی کورد بوو، لەلایەکی دیکەوە بەرهەمی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەو کاتەدا بوو”.
دەشڵێت، “دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و ئازادی و دادپەروەری لە ئامانجە سەرەکییەکانی راپەڕین بوون، راستە بەهۆی کەموکووڕی لە پرۆسەی حکومڕانی و هۆکاری دیکەوە هێشتا نەتوانراوە بەشێک لە ئامانجەکانی راپەڕین وەک خۆی بەدیبهێنرێن، بەڵام لەم قۆناغەدا بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و پێمان وایە بە راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و کارا و بە بەهێزترکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی دەتوانین هەنگاوێک لە بەدیهێنانی یەکجاریی ئامانجەکانی ڕاپەڕین نزیکترببینەوە”.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، “ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی راپەڕین دەکەینەوە کە هیوا و گەشبینییەک سەبارەت بە ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دروستبووە، هیوادارین ئەمجارەیان پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و گەلی کورد لە تورکیاش بە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی شاد بێت”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەش دەڵێت، “لەم یادەدا سەری رێز لە ئاست شەهیدانی راپەڕین و هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی میللەتەکەمان دادەنوێنین”.