عەلی حەمەساڵح رایگەیاند، بە شێوەیەکی نایاسایی پارەی کارەبای نیشتمانی لەسەر هاوڵاتییان زیادکراوە و لە ئایندەدا پرۆژەکە لەسەرجەم پارێزگاکان جێبەجێدەکرێت.
عەلی حەمەساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئێستادا 70 هەزار بەشداربووی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری هەیە، بڕیارە لەدوای مانگی شەشەوە پرۆژەکە لە سلێمانی و دهۆکیش کاری پێبکرێت، هەر بەو بڕە پارەیەی لە ئێستادا جێبەجێدەکرێت.
وتیشی، بیرۆکەی پرۆژەکە ئەوەیە، پارەی کارەبا هێندە گران دەکەن هاوڵاتییان ناتوانن بەکاریبهێنن بەو شێوەیەش دەتوانن کارەبای 24 کاتژمێر دابیبنکەن، ئامانجی وەزارەتی کارەبا ئەوەیە لە ماوەی ساڵێکدا دوو بۆ دوو ملیار و نیو دینارقازانج بکات، بێ ئەوەی رەچاوی داهات و دۆخی دارایی هاوڵاتییان بکرێت.
باسیلەوەشکرد، وەزارەتی کارەبا لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەر کیلۆواتێک کارەبا بە 45 دینار دەکڕێت، لەو پارەیەش بڕی تەنها 25% ی دەدەن، بەڵام بە 156 دینار بە هاوڵاتییانی دەفرۆشنەوە.
ئاشکراشیکرد، خاوەن مۆلیدەکانی هەولێر پەیوەندیان پێوەکردووین وتوویانە”ناچارکراوین پارەی مۆلیدە بۆ ئەم مانگە زیادبکەین”، ئەمەش بۆ ئەوەیە هاوڵاتییان نرخی کارەبای نیشتمانییان بەلاوە هەرزانتر بێت لە کارەبای مۆلیدە.