ماوەی نزیکەی دوو ساڵە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی کۆتایی لەسەر نەدراوە و ئەندامێکی ئەنجومەنەکەش، هۆکارەکەی ئاشکرادەکات.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئێمە بۆ دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، چەندنجار نوسراومان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و سێ هەفتە لەمەوپێشیش، واژۆی زیاتر لە 120 پەرلەمانتارمان بۆ ئەو مەبەستە کۆکردووەتەوە و رادەستی سەرۆکایەتییەکەمان کردووە.
وتیشی، لە دانیشتنەکانی رابردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکە؛ جگە لە کورد، نەدەهاتنە ناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە ئێمەش نەماندەتوانی داوابکەین پرۆژەیاساکە لەناو بەرنامەی کاردا بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم خولەوە، لە هەموو لایەنەکانی دیکە زیاتر بە خەمی هەڵەبجەوە بووین و بە چەندین رێگە داوامانکردووە بکرێتە پارێزگا”.
چرۆ حەمەشەریف ئاشکراشیکرد، پێشتر لایەنەکانی دیکە ناوی چەند شوێنێکی تریان وەک هەڵەبجە دەهێنا بۆ بوونە پاریزگا، وەک (تەلەعفەر و سنجار)، بەڵام هەڵەبجە هەموو رێکارە یاسایی و ئیدارییەکانی لەناو ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەراندا تەواوکردووە و جیاوازە لەوان.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی وت، “ئێمە کە دەنگمان دا بە مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، یەکێک لە مەرجەکانمان بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو و خودی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش وتویەتی، هیچ لارییەکمان نییە و هاوکاریشتان دەکەین، چەند رۆژێک پێش ئێستاش، مەشهەدانی پێی راگەیاندین، ئەگەر لایەنەکان ئامادەبن، ئێمەش ئامادەین ئەو پرۆژەیە تێبپەڕێنین”.
ناوبراو راشیگەیاند، “چاوەڕێ دەکەین پێش 16ـی 3، پرۆژەیاساکە بخرێتە بەرنامەی تەوەرەوە لە ئەگەری ئەوەی کە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکات و پەرلەمانتارەکان ئامادەبن”.
لە رۆژی 13ی ئازاری 2023ـوە، پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکراوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە؛ لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش، تائێستا دوو جار خوێندنەوەی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی کۆتایی لەسەری ماوە.