وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رێنماییە شەرعییەکانی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە.
رێنماییە شەرعییەكان:
یەكەم: دیاریكردنی یەكەم رۆژ و كۆتاڕۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز تەنها لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی.
دووەم: پابەندبوونی تەواو بە ئیمساكیە و خشتەكانی كاتی بانگدان لەسەرجەم مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن (بینراو و بیستراو).
سێیەم: وتارەكانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی رۆژووەوان لە 20 خولەك زیاتر نەبێت، تەنها لەلایەن مامۆستای مزگەوت پێشكەشبكرێت، بەبەكارهێنانی میكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، وە لەم وتارانە مامۆستای مزگەوت تیشك دەخاتە سەر بابەتەكانی ئەحكام و عیبادات و معاملات و بابەتی پەروەردەیی هۆشیاریی هەڵمەتی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە خراپەکان+ كاریگەریی كارەكتەرە عەقڵییەكان+ پێكەوەژیان).
چوارەم: ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی ئیمساكیەی پارێزگاكەوە دەبێت، بەهیچ شێوەیەك نابێت بەپێچەوانەوە كاربكات.
پێنجەم: تەنها لە (10) شەوە كۆتاییەكانی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تاوەکو نوێژی بەیانی بە رەزامەندیی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوت.
شەشەم: تەنها پێش نوێژو وتارخوێنی رەسمیی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح بەتایبەتی ئەنجامبدات بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك بۆی نییە چالاكی ئەنجامبدات.
حەوتەم: پابەندی تەواو بە فەتوای دیاریكردنی نیسابی زەكات و بڕی سەرفیترە و فیدیە، كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستانەوە دیاریدەكرێت.
هەشتەم: پاش بانگدانی شەوان (عیشا) لەدوای (15 بۆ 20) خولەك دواتر نوێژ ئەنجامدەدرێت لەبەر بارودۆخی رۆژووەوان، وە رەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لەڕووی درێژی و كورتیی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعی ئەنجامبدرێت.
نۆیەم: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف چاودێریی جێبەجێكردنی ئەم رێنماییانە دەكەن.
دەیەم: پابەندبوون بە بانگی رێكخراو لەو شوێنانەی كە پرۆژەی بانگیان تێدا جێبەجێكراوە.