جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەرێم و بەغدا ئیرادەیەکی بەهێزیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و ئەو کێشانەشی لەبەردەم نەناردنی شایستە داراییەکان هەبوون، نەماون.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد رایگەیاند، دۆسیەی مووچە کە زۆر گرنگە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەموو خێزانێک هەیە، بووەتە کۆکەرەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، بەڵام کێشەکان تەنیا نەبەستراون بە کێشەی دارایی و مووچەوە.
وتیشی، ئەو ئیرادەیەی ئێستا لە هەردوولا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان، ئیرادەیەکی بەهێزە و گفتوگۆکان جددین، سیاسین و تەکنیکین.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە هیچ بیانوویەک نەهێڵێت لەبەردەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و لیستی مووچەمان بەو شێوازە گونجاند کە بەغداد هەیبوو.
قوباد تاڵەبانی لە قسەکانیدا ئەوەشیخستەڕوو، ئەو کێشانەی لەبەردەم نەناردنی شایستە داراییەکان هەبوون نەماون و لەدوای سەردانی شاندەکەشمان بۆ بەغداد، پێیانوترا ئەو لیستەی لە مانگی یەکدا نێردرا، ئەو لیستەیە کە بۆ هەموو ساڵەکە پارەی مووچەی بۆ تەمویل دەکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیران باسیلەوەشکرد، ئەو سەرژمێرییەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، سەلماندی کە ئێمە %12ـی دانیشتووی عێراق نیین و زیاترین، بۆیە پێشبینیی ئەوە دەکەین لە بودجەی گشتیی داهاتووی عێراقدا، بەشەبودجەی هەرێم زیاتر بکرێت.