بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدەدات و دەڵێت، چاوەڕوانی كۆبوونەوەی رۆژی هەینیی داهاتووین.
رێباز حەملان، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق كرد و تیایدا باسی دۆخی دارایی عێراق و ئالنگارییەکان لەمساڵدا كرا، دواتر لەسەر بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیامی دوا کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی لە 11ی ئەم مانگە بە سودانی گەیاند.
وتیشی، “بە وردەکاریی تەواوی ئەو هەنگاوانەم باسکرد کە لەسەر داواکاریی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژانە بە بەردەوامی چەندین تیم بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کاردەکەن، بەڵام مووچەی خەڵکی کوردستان زۆر دواکەوتووە و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم لە دۆخێکی دارایی خراپە و مووچەخۆران زۆر پشوو درێژ و خۆراگربوون، دواتر بۆ بەڕێزیانم روونکردەوە کە داواکاریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەبێت وەک هەرێم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و، یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک خۆی بچێتە بواری جێبەجێکردن تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”.
رێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو، هەمووان چاوەرێی کۆبوونەوەی رۆژی هەینی داهاتووین لە بەغداد لەنێوان هەردوو وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابوریی عێراق.