لەبارەی شەپۆلی بەفر و بارانەوە هۆشداری دەدرێت

کەشناسیی عێراق رایدەگەیەنێت، بارستەهەوایەکی جەمسەریی سارد، بە بەفر و بارانەوە روو لە وڵات دەکات و چەند هۆشدارییەکیش دەداتە هاوڵاتییان.

دەستەی گشتیی کەشناسی و چاودێریی بومەلەرزەزانیی عێراق دەڵێت، بارستە هەوایەکی جەمسەریی زۆر سارد روو لە عێراق دەکات، کە دەبێتەهۆی بارینی بەفر و باران، لەگەڵ دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرمی.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو ئاستەی کە پلەی گەرمی لەم شەپۆلی سەرمایەدا دادەبەزێت، نزمترین ئاستی دەبێت لە تەواوی وەرزی زستانی ئەمساڵدا.

کەشناسیی عێراق باسیلەوەکردووە، بارستە ساردەکە لە رۆژی شەممە 22ی شوباتی 2025ـەوە لە باکوور و باکووری رۆژئاوای وڵاتەوە دەستپێدەکات و وردە وردە تەواوی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە، بەمشێوەیە تا ناوەڕاستی هەفتەی دواتر، ئەم شەپۆلە کاریگەرییەکەی بەردەوامدەبێت.

دەشڵێت، کاریگەریی شەپۆلەکە لە رۆژانی (دووشەممە، سێشەممە، چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی)ـی هەفتەی داهاتوودا دەگاتە لوتکە.

لەبارەی پێشبینیی بەفربارینەوە، دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، چاوەڕواندەکرێت لە شەممەوە، لەسەر ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەفر ببارێت، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەش، لەناو شارەکانی سلێمانی، دهۆک و باکووری هەولێر بەفر دەبارێت.

هاوکات کەشناسیی عێراق چەند هۆشدارییەکیشی بۆ هاوڵاتییان بڵاوکردووەتەوە:

– رێوشوێنی خۆپارێزیی پێویست بگیرێتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو سەرما بەهێزە.

– ئامۆژگاریی جوتیاران و بەکارهێنەرانی ڕێگاوبان دەکرێت، کە خۆیان ئامادەبکەن، بەهۆی ئەگەری دروستبوونی شەختە و بەستن، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەروبووم بەجێدەهێڵێت و ئەگەر رووداوی هاتوچۆش زیاتر دەکات.

– بەدواداچوونی بەردەوام بۆ نوێترین زانیارییەکانی کەشوهەوا و ئاگادارکردنەوەکان.

– دوورکەوتنەوە لە لوتکەی شاخ و لێوارەکان بەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و بەستن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share