مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی سلێمانی، داوای گواستنەوەی مووچەکانیان بۆ سەر بانکە حکومییەکانی عێراق دەکەن و دەڵێن، ” داواکارین مووچەکانمان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم رزگاربکرێت”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و رایانگەیاند، هۆکاری سەرەکی چارەسەرنەکردنی کێشەی مووچە، بەهۆی تەوتین نەکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوەیە.
دەشڵێن، “وەک مامۆستایان و فەرمانبەران، متمانەمان بە هەژماری من نییە و رەتیدەکەینەوە، بەڵکو داوادەکەین مووچەکانمان لەرێگای بانکە حکومییەکانی عێراقەوە وەربگرین، وەک بانکەکانی رەشید و رافیدەین”.
ئاماژەیان بەوەشدا، دەمانەوێت پڕۆسەی تەوتینکردنی مووچەکانمان بەجۆرێک بێت لە دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم رزگاربکرێت و تەمویلی مووچەکانمان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێت، نەک هەرێم.
ئەوەشیان خستەڕوو، بایکۆت بڕیاری خۆرسکانەی مامۆستایانە و رەتکردنەوەی کۆیلایەتییە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێکەوە نییە، رۆژی یەکشەممەی داهاتووش چاوەڕێی وەڵام و چالاکیی جیاوازی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بن.