چۆن دەریاچەکانى دوکان و دەربەندیخان رێگرى لە بەفربارین دەکەن؟

شارەزایەکى بوارى کەشناسى دەڵێت، دەریاچەکانى دوکان و دەربەندیخان رێگرن لە بەفربارین لە ناوچەکانى دەوروبەریان.

شاڵاو هیدایەت، شارەزاى بوارى کەشناسى بە تۆڕى میدیایى ئێستاى راگەیاند، بوونى دەریاچەکانى دوکان و دەربەندیخان کاریگەرییان هەیە لەسەر نەبارینى بەفر لە ناوچەکانى دەوروبەرى بەنداوەکان، ئەگەرچى ناوچەکان شاخاویش بن.

هۆکارەکەشى دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەى بەهەڵمبوون و شێ لە ئاکامى ئاوى دەریاچەکان لەو ناوچانەدا زیاترە.

شاڵاو هیدایەت وتیشى، “قەبارەى دەریاچەکان چەندێکە، بە قەد درێژی و پانییان کاریگەرییان لەسەر رووبەڕە وشکانییەکانى دەوروبەریان دەبێت لەڕووى کەمکردنەوەى رێژەى بەفر و سەرما”.

ئەو شوێنانەى بوون بە هەڵمیان زیاترە، رێژەى شێ-یان بەرزدەبێتەوە، تا رێژەى شێ-ش بەرزتر بێت، ئەگەرى بەفربارین کەمدەبێتەوە، بەڵام ئەگەرى بارانبارین زیاددەکات، وەک ئەوەى ئەو شارەزایە ئاماژەى پێدا.

نمونەى ئەوەشى هێنایەوە ئەگەرچى ناوچەى دوکان شاخاوییە، بەڵام زۆر بە دەگمەن بەفرى لێدەبارێت، لەکاتێکدا شوێنە شاخاوییەکانى سلێمانى بەپێچەوانەوەیە و ساڵانە بەفر دەیگرێتەوە، بەهەمان شێوە دەربەندیخانیش هەر وایە.

سەبارەت بە ناوچەکانى سنوورى ئیدارەى راپەڕینیش، ئەو شارەزایەى کەشناسى روونیکردەوە، بەهۆى ئەوەى ناحیەى حاجى ئاوا دوورترە لە دەریاچەکە باشتر بەفربارین دەیگرێتەوە، قەزاى رانیە تا رادەیەک دەیگرێتەوە، بەڵام ناحیەى چوارقورنە کە لە هەموو ناوچەکان نزیکترە لە دەربەندى رانیە، لە هەمووان کەمتر بەفر دەیگرێتەوە.

باسى لەوەشکرد، هەروەها چیاى ماکۆک، کە شوێنێکى شاخاوى و کوێستانییە، لە نیوە بەرەوخوارى چیاکە بەهۆى کاریگەریى دەریاچەکەوە بە زەحمەت بەفر دەیگرێتەوە، بیشیگرێتەوە، زوو دەتوێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە بازیان وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو بەربەست دروستدەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئامادەكارییەكان بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو بەردەوامی هەیە و بەربەست دروستدەکرێت. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی…
Total
0
Share