وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دوا هەڵوێستی لەبارەی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمەوە راگەیاند

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئەوان دەسەڵاتی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و داراییان بەرامبەر کۆمپانیاکانی (ئاسیاسێڵ، کۆرەک تیلیکۆم و زەین) نییە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا باسیلەوەکردووە، گرێبەستی مۆڵەتدان بۆ کۆمپانیاکانی مۆبایل (ئاسیاسێڵ، کۆرەک تیلیکۆم و زەین)، لەگەڵ دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن ئەنجامدەدرێت، نەک لەگەڵ ئەو وەزارەتە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوان هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و دارایی پەیوەست بەو کۆمپانیایانە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەشڵێت، رۆڵی ئەوان سنووردارە بە جێبەجێکردنی ئەو رێکارە تەکنیکییانەی کە بەپێی بڕیارە فەرمییەکانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان دەردەچن، بەتایبەتی سەبارەت بە بلۆککردنی خزمەتگوزاریی ئەو کۆمپانیایانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانیەوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت، لە کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم راگیرا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share