شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، بەهۆی بەهێزیی ئەو شەپۆلی بەفر و بارانبارینەی کە لە سبەی پێنجشەممەوە روو لە هەرێم دەکات، پێشبینیی دروستبوونی لافاو دەکرێت.
رێباز عەبدول، شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، “لە ئەنجامی هاتنی نزمە پاڵەپۆستۆی دەریای سوور، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەردەم شەپۆلی باران و بەفر بارینەوە کە لە رۆژی پێنجشەممەوە تاوەکو رۆژی دووشەممە درێژە دەخایەنێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بەهێزیی شەپۆلی بارانبارینەکەوە، پێشبینی دەکەم کە لافاو رووبدات لەو شوێنانەی کە ئاوەڕۆکانیان وەکو پێویست نین، یان پاکنەکراونەتەوە، لە ناوچە شاخاوی و ناوچە سنووریەکان بەفر دەبارێت، لەلایەکیترەوە، دیاردەی ئێل نینۆ ڕێژەی چالاکبوونەکەی بەرزبووەتەوە بۆ 60% و لەهەمانکاتیشدا، دیاردەی لانینا رێژەی چالاکبوونەکەی دابەزیوە بۆ 30% بۆ 40%، کە ئەمەش زیاتر کەشەکەمان سەختتر دەکات چونکە دیاردەی ئێل نینۆ دەبێتە هۆکاری باران و بەفربارین بەشێوەی زۆر بەرز، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی دیاردەی لانینایە کە دەبێتە هۆکاری بێبارانی و وشکەساڵی.
ئەو شارەزایەی کەشناسی باسلەوەشدەکات، لە رۆژی هەینیدا تەنیا لە شاری سلێمانی شەپۆلی باران و بەفرەکە نامێنێت و لە شار و شارۆچکەکانی دیکە بەردەوامیی دەبێت، لەلایەکیتریشەوە، پێشبینی دەکەم لە رۆژی شەممەوە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە، شەپۆلی باران و بەفر بارینەکە لە شاری سلێمانی دەستپێبکاتەوە کە بەپێی نەخشەکان، ئەگەرێک هەیە کە لە سەنتەری شاری سلێمانی بەفر ببارێت لە ڕۆژی دووشەممەدا بە رێژەی جیاجیا.
پێشبینیش دەکات، لە رۆژی سێشەممەوە شەپۆلی باران و بەفربارینەکە کۆتایی پێبێت و لە هەمان رۆژەوە شەپۆلی سەرما و وشکە سەرما دەستپێبکات، کە تیایدا پلەی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی و بۆ 15 پلەی سەدی ژێر سفر، دادەبەزێت.
رێباز عەبدول داواش لە هاوڵاتییان دەکات، تاوەکو رۆژی هەینی لە کاتەکانی بەیانییانی زوودا، شۆفێری نەکرێت، چونکە حاڵەتی شەختە و بەستنی شەقامەکان روودەدات، بەشی پێویستیش ئاو لە ماڵەکاندا هەڵبگیرێت تاوەکو لە حاڵەتی بەستنی ئاوی ماڵەکاندا، بۆ پێداویستیی ماڵەکان بەکاربهێندرێتەوە، بۆ ئەو ماڵانەی کە چاڵن، راگیر دابندرێت، تاوەکو بەدووربن لە حاڵەتی ئاو چوونە نێو ماڵەکانیانەوە.
داواشدەکات، ئاوەڕۆی ماڵ و کۆڵانەکان و شەقامەکان پاکبکرێنەوە و ئامادەبکرێن بۆ هەموو حاڵەتێکی لافاو، کە پێشبینیی روودانی دەکەم، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە ئامادەباشیی تەواودابن بۆ هەموو حاڵەتێکی لافاو، ئۆتۆمبێلەکانتان لەژێر دار و عەموودی کارەبای و ئەو دیوارانەی کە مەترسیی رووخانیان هەیە، دامەنێن، لە حاڵەتی قورسدا کارەبای ماڵەکانتان بکوژێننەوە، تاوەکو لەکاتی پچڕانی کارەبادا، ماڵەکانتان کارەبای نەکەوێتە سەر، کەلوپەلە بەنرخەکانتان بخەنە شوێنە بەرزەکان.