هاوڕێ تۆفیق: سكاڵاكەی سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ چارەسەركردنی قەیرانی مووچەیە

هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی لە سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق روونکردنەوەیەکی لەسەر سکاڵاکەی سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “سکاڵاکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەیە”.

هاوڕێ  تۆفیق بەڕێوەبەری گشتی لە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق رایگەیاند، “دەمانەوێت بۆ هاونیشتیمانیانی عێراقی ئازیزمان روونیبكەینەوە كە وڵاتەكەمان بە قۆناغێكی گرنگدا تێدەپەڕێت و پێویستە هەمووان پابەندبن بە یەكڕیزیی نیشتمانی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەكی باڵا بەرامبەر بە پرسە گرنگەكان و سەرۆك كۆمار وەك پارێزەری دەستوور و سیمبوولی یەكڕیزیی گەل لەگەڵ هەمووان لە یەك دووری دەوەستێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، سەرۆكایەتیی كۆمار پاڵپشتیی سەرەكیی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمە لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی یاساكانی كارپێكراو و لەژێر چەتری دەستوور.

باسی لەوەش كردووە، سەرۆك كۆمار دژایەتیی هیچ دەسەڵاتێكی دەستووریی وڵات ناكات و ئەو سكاڵایەی سەرۆكایەتیی كۆمار لەبەردەم دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە لە هەستكردن بەبەرپرسیارێتیی نیشتیمانی لە بەرامبەر ئازاری بەشێكی زۆری عێراقییەكان سەرچاوەی گرتووە و خۆپیشاندانی جەماوەری و مانگرتن لە خواردن بۆ كۆمەڵێك مامۆستا و فەرمانبەر كە بۆتە هۆی داخستنی چەندین خوێندنگە و پەكخستنی هەزاران خوێندكار و ئامانجی ئەم داوایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو و دەستوورییە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم.

جەختیشدەكاتەوە، لە كۆتاییدا سەرۆكایەتیی كۆمار دامەزراوەیەكی دەستوورییە كە ئامانجی پاراستنی سیستمی دەستووری، پاراستنی مافەكانی هەموو خەڵكە بەبێ جیاوازی و پشتیوانی لە هەموو دەسەڵاتەكان و تەئكید لەوەدەكاتەوە كە هەركاتێك دەنگی گەلەكەمان یەكگرتوو بێت، وڵاتەكەمان خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بەدیدەهێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share