دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان لەپەیامێكدا سەبارەت بە گرژییەكانی بازگەی دێگەڵە داوا لەلایەنە سیاسیەكان دەكات، لەكاتی هەر چالاكیەكی مەدەنیدا خۆیان بە دووربگرن لەدەست تێوەردان و راشیدەگەیەنێت، “هیچ سكاڵایەك تۆمارنەكراوە و لەهەمانكاتدا نیگەرانین لە هەر گرژی و ئاڵۆزی و بەیەكدادانێك لە هەر لایەك رووبدات”.
لەسەر گردبوونەوە گرژییەكانی بازگەی نێوان هەولێر-كۆیە لە راگەیەندراوێكدا دەڵێن، رۆژی 9ی ئەم مانگە ژمارەیەك مامۆستا و فەرمانبەر لە شاری سلێمانییەوە بەرەو شاری هەولێر هاتن بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەیەك بە مەبەستی گەیاندنی چەند پەیامێك لەسەر مووچە و مافە داراییەكانی مووچەخۆران، دوای گەیشتنیان بۆ بازگەی نێوان هەولێر- كۆیە لەلایەن پاسەوانانی بازگەكە رێگریان لێكرا كە بێنە شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی وەك ئیدارەی بازگەكە دەڵێن، “ئەو كەسانە مۆڵەتی گردبوونەوەیان نەبووە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە”.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، “دواتر خۆپیشاندەران ویستیان بازگەكە تێپەڕێنن توندوتیژی و گرژی دروستبوو لە نێوان هەردوولا و چەند كەسێك برینداربوون، گازی فرمێسكڕژێن لەلایەن هێزە ئەمنییەكان بەكارهێنا، بۆ ئەو مەبەستە سلێمان موحسین بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەستەی مافی مرۆڤ پەیوەندی بەپارێزگاری هەولێرەوە كرد سەبارەت بە هۆكاری رێگانەدان بە خۆپیشاندەران ناوبراو رایگەیاند كە بەهۆی ئەوەی هیچ كەسێك داوای مۆڵەتی نەكردووە نازانرێت خۆپیشاندەران كێن بۆیە بەپێی یاسای خۆپیشاندان رێگایان پێنەداون”.
دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشیخستەڕووو، “بۆ ئەو مەبەستە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە سەرەتای رووداوەكانەوە بەوردیی چاودێری دەكرد و بەدواداچوونی بۆ هەر هەواڵێك دەكرد لەو بارەوە لەڕێگای تیمی تایبەتەوە، پێویستە بووترێت دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تەواو پشتیوانی هەر چالاكی و گردبونەوەیەكی مەدەنی دەكات لەچوارچێوەی ڕێنمایی و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ڕێگایەش بەمافێكی سروشتی و یاسایی دەزانین بۆ داواكردنی مافەكان و لەهەمانكاتدا نیگەرانین لەهەر گرژی و ئاڵۆزی و بەیەكدادانێك لەهەرلایەك رووبدات و هەمیشە پشتیوانی زمانی دیالۆگ و ئاشتی و ڕێگای مەدەنی دەكەین”.