بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، رایگەیاند، “رەتکردنەوەی چارەسەرە پزیشکییەکان لەلایەن مانگرتووانەوە کاریگەریی خراپی هەیە”
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پشتگیری لە داوای مانگرتووان دەکەین، بەڵام پشتگیری لە بڕیاری رەتکردنەوەی چارەسەرە پزیشکییەکان ناکەین.
وتیشی، “لە ئەمڕۆوە قۆناغێکی دیکەی تەندروستیی مانگرتووان دەستپێدەکات و کێشی لەشیان زیاتر دادەبەزێت، رەتکردنەوەی چارەسەرە پزیشکییەکانیش کارگەریی خراپی لەسەر تەندروستییان دەبێت”.
باسی لەوەشکرد، “شکاندنی مانگرتنەکەشیان هێندەی مانگرتنەکە کاریگەریی خراپی لەسەر جەستەیان دەبێت و پێویستە لەژێر رێنمایی پزیشکدا مانگرتنەکەیان بشکێنن”.
ئەمڕۆ مانگرتووانی سلێمانی لە 11یەمین رۆژی مانگرتنەکەیاندا گەرمکەرەوە و چارەسەرە پزیشککەیانیان رەتکردەوە.