مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، پشتیوانێکی راستوڕەوانی هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانن کە داکۆکی لە مووچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتوو کرد کە تێیدا هاتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانێکی راستوڕەوانی هەموو داخوازییەکی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێکی کوردستانە کە داکۆکی لە مووچە و گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەکەن، هەر لەم چوارچێوەیەشدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆتایی بە گەشتەکەی لە ئەمەریکا هێنا بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوشار بخاتە سەر حکومەتی هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەری یەکجارەکی شایستەی هاوڵاتییان.
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە، پێمانوایە مانگرتن و چالاکی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانی، لە پێناو مووچە و قووتی منداڵەکانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێکی مەدەنی دادپەروەرانەیە، چونکە دیاردەی دواکەوتن و دواخستنی مووچە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت، بەتایبەتی کە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لە سەر شایستەی مووچە روون و ئاشکران و پێویستە ئەم پابەندییە هاوبەشەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی دوور لە دەست شکاندنەوەی سیاسی جێبەجێبکرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەشدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسیلەوەکردووە، خەباتی مەدەنی و داخوازی مامۆستایان داخوازییەکی سەرتاسەری کوردستانی و عێراقییە و پێویستە چارەسەرییەکەشی سەرتاسەری بێت و دەربەستییەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی بە دواوە بێت، هەرگیز رەوا نییە کۆمەڵانی خەڵک لە دڵەڕاوکێی هاتن و نەهاتنی شایستەیەکی ئاساییدا بە بارمتە وەربگیرێن، پێویستە ئەم کێشەیە کە لە خوتوخۆڕایی درێژبووەوە بە یەکجاری و لە ریشەوە چارەسەر بکرێت.