بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی هەردوو فەرماندەی قارەمان لیوا شێركۆ فاتیح شوانی، لیوا حوسێن مەنسوور و هاوڕێكانیان پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “سەری رێزو نەوازش دادەنەوێنین و یاد و یادەوەرییان بۆ هەمیشە بەرزڕادەگرین”.
هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە، شەهید شێركۆ فاتیح شوانی و شەهید حوسێن مەنسوور دوو تێكۆشەری بەوەفای كورد و یەكێتی كە نموونە و سونبولی ئازایەتین كە ئامادەنەبوون سەنگەری بەرگری چۆڵبكەن و هەڵبێن، بە گیان و خوێنی خۆیان ئێمە و كەركوك قودسی كوردستانیان لە تیرۆریستان پاراست.
سەرۆكی یەكێتی دەڵێت،”ئەوان دوو شەهیدی نەمری خەباتی كوردایەتین، رەمزی كوڕانی یەكێتین كە قەت سەنگەریان چۆڵ نەكردووە لەپێناو شكۆی گەلەكەیان و یەكێتی و هەڤاڵەكانتان بۆ هەمیشە بەڕێز و شكۆوە یادتان دەكەینەوە و هەرگیز لەیادتان ناكەین و درێژەپێدەری رێبازی پیرۆزتان دەبین بۆ پاراستنی گەلەكەمان”.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، “سەربەرزیی بۆ كەسوكارتان و دروود و سڵاو بۆ گیانی پیرۆزی شەهیدان كاك شێركۆ فاتیح شوانی و كاك حوسێن مەنسوور و هاوڕێكانیان و سەرجەم شەهیدانی گەلی كوردستان”.