جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، هیوادارم وەفدی هەرێم لە سەردانەكەیدا بۆ بەغداد بتوانێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجە و مووچە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازیکرد لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێم.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی سوریا کرا. جەختکرایەوە کە بۆ سەقامگیرکردنی سوریا و ناوچەکە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنە سورییەکان پێکەوە کاربکەن تا هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە داڕشتنەوەی سیستمی نوێ و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتەکان بە تایبەتیش پێکهاتەی کورد لە سوریای نوێدا گەرەنتی بکرێت، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان پەلەبکەن لە پێکهێنانی حکومەت. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی کارا و بەهێز و یەکگرتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە بێت تا بتوانێت وەڵامدەری داواکارییەکانی هاوڵاتییانی کوردستان بێت.
هەروەك گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و جەختکرایەوە لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە. جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەیدا بەوەی کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا وەفدێکی هەرێم سەردانی بەغداد بکات و هیوای خواست ئەو وەفدە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بگاتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی بودجە و مووچە.