هۆکاری دابەزینی نرخی دۆلار ئاشکرادەکرێت

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دوو هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار لە بازاڕەکاندا ئاشکرادەکات.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، قەبارەی حەواڵەی دەرەكیی عێراق بۆ دوبەی و توركیا زۆر بووە.

وتیشی، “حەواڵە ئەوەندە زۆرە، ئێستا دۆلارەكانی عێراق لەڕێگەی نووسینگەكانی حەواڵە دەگەڕێندرێتەوە، ئەوەش پەیوەندی بەو رێكارانەوە هەیە، كە تەحویلی دۆلاری دەرەكی بە تەواوی دەگاتە شوێنی خۆی”.

جەبار گۆران باسیلەوەشکرد، هۆكارێكی دیكەی دابەزینەكە خستەڕووی دۆلارە، كە بانكی ناوەندیی عێراق بڕێكی زیاتری خستووەتەڕوو، ئەوەش كاریگەریی كردووەتەسەر زۆربوونی دۆلار لە بازاڕدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكە روونیكردەوە، بەراورد بە هەفتەی پێشوو، هەر 100 دۆلارێك هەزار بۆ هەزار و 250 دینار دابەزیوە، ئەمڕۆش بەراورد بە دوێنێ، 750 دینار دابەزیوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەکاتی داخستنی بازاڕەکانی دراو لە بەغداد، 100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوەکرا، لەکاتێکدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ و لەکاتی کردنەوەی بازاڕەکانی دراو، نرخی دۆلار بۆ فرۆشتن بە 151 هەزار دینار بوو و بۆ کڕینیش بە 150 هەزار و 250 دینار بوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share