ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی سودانی و هاكان فیدان ئاشكراكرا

ئەمڕۆ یەكشەممە، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا، بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بە سەردانێك گەیشتە بەغداد و دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەكەی، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ئەنجامی كۆبوونەوەكەی نێوان سودانی و هاكان فیدانی ئاشكرا كرد و تێیدا هاتووە، لە میانەی دیدارەكەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێكرد، و گفتوگۆیان لەسەر ژمارەیەك پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هاوبەش كرد، بەتایبەتی پێشهاتەكانی ناوچەكە و رووداوەكانی سوریا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەر لە دیدارەكەدا، دوایین پێشهاتەكانی سوریا، غەززە و لوبنان تاوتوێكران و جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە ئاگربەست كرایەوە.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، وەك لە راگەیەندراوەكە باسكراوە، باس لە گرنگیی یەكخستنی هەوڵەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە كرا، بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە سەقامگیرییەكەی، لەمبارەیەوە سودانی جەختی لە ئامادەیی عێراق كردەوە بۆ هەماهەنگیكردن لە نێوان وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتی لەگەڵ توركیا سەبارەت بە ئەو پێشهاتانەی كە لە گۆڕەپانی ناوچەیی بەدیكراون.

سەبارەت بە هاوكاریی هاوبەش لەگەڵ توركیا، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەسەر بەدواداچوونی حكومەت كردەوە، بۆ دۆسیەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و جێبەجێكردنی ئەو یاداشتنامە لێكتێگەیشتنانەی كە لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئەنكەرە لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوو، واژووكران.

هەر لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سودانیدا هاتووە، لە لای خۆیەوە هاكان فیدان سڵاوی سەرۆك كۆماری توركیای گەیاندووەتە سەرۆك وەزیرانی عێراق و خواستی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ عێراق لەسەر پێشهاتەكانی ناوچەكە.

هاوكات، وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لەسەر جددیەتی وڵاتەكەی كردەوە بۆ كاركردن لەسەر پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانی ستراتیژی، و ئەوەی تایبەتە بە هاوكاری لە چوارچێوەی ئەو یاداشتنامە لێكتێگەیشتنانەی كە لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە بوارەكانی وزە و پەروەردە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوكاریی بانكی و بوارەكانی تر واژووكراون.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: نابێت گەورەیی كەركوك و شكۆمەندیی خەڵكەكەی قوربانیی ململانێی ناڕەوای لایەنەكان بن

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و پرسی…
Total
0
Share