چارەسەرێك بۆ گرفتی خانەنشینبوونی مامۆستا و سەرپەرشتیاران دەخرێتەڕوو

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایدەگەیەنێت، تایبەت بەو مامۆستایانەی بڕیاری خانەنشین بوون دەیانگرێتەوە، بۆ مانەوەیان بۆ ئەم چەند مانگەی وەرزی دووەم بیر لە ئالیەتێكی چارەسەر كراوەتەوە و رەزامەندیی سەرەتایی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، بڕیاری خانەنشینكردنی مامۆستایان و سەرپەرشتیاران وەكو خۆی جێبەجێ دەكرێت، بەڵام داوایان كردووە فروقاتێك هەبێت، لەپای ئەو خزمەتەی ئەو چەند مانگەی لە وەرزی دووەم ماوە، پێیان بدرێت.

وتیشی، “دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی سەرەتایی لەسەر ئەو چارەسەرە داوە و، دەمانەوێت بیكەین بە نووسراوی رەسمی”.

ئالان حەمەسەعید روونیشیكردەوە، سەبارەت بە خانەنشینكردنی فەرمانبەرانیش، بڕیارەكە بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی دارایی جێبەجێ دەكرێت.

دووپاتیشیكردەوە، تەنها ئالیەتێكی جیاواز پەیڕەو دەكرێت بۆ ئەو مامۆستایانەی وانە دەڵێنەوە، یان سەرپەرشتیارن و هەڵسەنگاندنی ناوەندەكانی خوێندنیان لایە و، وەك وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی ئەو كارەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share