10 ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە كانتۆنی كۆبانێ گەورترین سەركەوتن بەسەر گروپی “داعـش” تۆماركرا و داستانێكی دیكە بە نوێنەرایەتیی گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە نووسرایەوە.
لە ساڵی 2014، پاش ئەوەی گروپەكانی سەر بە داعش توانییان شاری موسڵ و دواتریش چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق كۆنتڕۆڵبكەن، هەلێكیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ قۆستەوە بەهۆی ئەوەی خوێندنەوەیەكی نادروستیان بۆ ناوچەكە لەرووی سەربازییەوە كردبوو؛ سەرەنجام خەونیان بۆ بە ئاسانی كۆنتڕۆڵكردنی كۆبانێ نەهاتەدی، بەڵكو نەك هەر كۆنتڕۆڵنەكرا بەڵكو بووە پریشكی ئەو ئاگرەی كە كۆتایی بە داعـش و شوێنكەوتووانی هێنا.
شەڕی بەرگریكردن لە كۆبانێ كە 134 رۆژی خایاند، بووە بەرخۆدانێكی مێژوویی بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە لەلایەك و، مۆتەكە بۆ داعش لەلایەكی دیكە. هاوكات دەستپێكێكیش بوو بۆ كۆتایی هێنان بە گروپەكە و راكێشانی چاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
دوێنێ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)لە پەیامێکدا رایگەیاند، کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆبانێ بە قوربانی پاڵەوانانمان بەدەستهاتووە کە گڕی هیوای لای سەرجەم سورییەکان داگیرساند.
هەر لە پەیامەکەیدا باسیلەوەکرد، ئازادکردنی کۆبانێ تەنها دەستکەوتێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بوو و بووە سیمبولی ئازادی و یەکگرتوویی و شکۆ.
مەزڵوم عەبدی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختیکردەوە، “بەردەوام دەبین لە شەڕی دژی تیرۆر لەگەڵ هاوبەشانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و هەوڵدەدەین بۆ بنیاتنانی سوریایەکی ئارام و سەقامگیر، ئەو رێگای سەرکەوتنەی له کۆبانێ دەستمانپێکرد بەرەو ئایندەیەکی باشتر بەردەوامی پێدەدەین.