بەڕێوەبەری گشتیی کەلوپەلی خۆراکی سلێمانی، رایگەیاند، “هیچ بڕیارێکی زیادکردنی ماددەکانی بەشەخۆراکمان پێنەگەیشتووە”.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی کەلوپەلی خۆراکی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان پێنەگەیشتووە کە ماددەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان زیادبکرێن”.
وتیشی، هەر چوار ماددە سەرەکییەکە لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییاندان (برنج، زەیت، شەکر، دۆشاو)، هێشتا لە پرۆسەی دابەشکردنی سەبەتەی دەیەمی بەشەخۆراکدا برنج و زەیت ماوە و هەرکاتێک تەواوکران کۆتایی بە دابەشکردنی 10 سەبەتەی خۆراکی 2024 دێت.
باسی لەوەشکرد، “تاوەکو ئێستا نازاندرێت دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی 11 و 12ی ساڵی رابردوو دەکرێت، یان سەبەتەی خۆراکی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەشدەکرێت”.