بۆ چارەسەركردنی گرفتی مووچە وەزیری دارایی عێراق ژمارەیەك داواكاری رووبەڕووی وەفدی هەرێم كردووەتەوە و سەرچاوەیەكی ئاگاداریش ناوەرۆكەكەی دەخاتەڕوو.
سایتی بەغداد لیەوم لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە “هەوڵ بۆ چارەسەری گرفتەكان دەدەین و مووچەی مانگی كانونی دووەمی 2025 (ئەم مانگە) دەنێرین، بەڵام ئێوەش پێویستە پابەندی داواكارییەكانی وەزارەتی دارایی بن لە كاتی دیاریكراودا، هەروەها 50%ی داهات رەوانە بكەن”.
سەرچاوەكە وتیشی، تەیف سامی داواشی لە وەفدەكە كردووە كە “پێویستە تەرازووی پێداچوونەوە (موازین المراجعة)ی مانگانە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بنێرن، دەستیشبكەن بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەران، هەر مووچەخۆرێكیش UPNی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەوانەش كە UPN و بایۆمەترییان نییە، مووچەیان پێنادرێت”.
دەربارەی كۆبوونەوەكە شەوی رابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كەشێكی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 كرا و هەردوولا هاوڕابوون كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا، هاوكات داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی كە ساڵی رابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی رەسمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەردوولا رێككەوتن كۆبوونەوەكان بەردەوامبێت و رۆژی یەكشەممەی داهاتوو كۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامبدرێت كە تیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت و راسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بكرێت.