گرنگترین بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمریکا، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا ژمارەیەک بڕیار دەردەکات.

کەناڵی CNNـی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا ژمارەیەک بڕیار دەردەکات کە بەشێکیان تایبەتن بە بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و پرسە جیهانییەکان، وەک “کۆچکردن، تیکتۆک، ئابووری”و چەند بڕیارێکی دیکە، کە گرنگترینییان بریتین لەمانە:

پرسی کۆچبەران

دۆناڵد ترەمپ لەیەکەم پەیامیدا وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا رایگەیاند، کە بڕیارێک بۆ دیپۆرتکردنەوەی بەشێكی کۆچبەران دەدات و هەوڵەکانی بۆ توندکردنەوەی سنوورەکانی ئەمریکا بەهێزتردەکات.

کشانەوە لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی

لەساڵی 2020 کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبووەوە، ترەمپ رەخنەی توندی ئاراستەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد و ئەمریکای لە ئەندامبوون کشاندەوە، لە نوێترین پەیامیشیدا ئاماژەی بەوەدا جارێکی تر ئەمریکا لە ریكخراوی تەندروستی جیهانی دەکشێنێتەوە.

دوو رەگەزی

سەرۆکی نوێی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە حکومەتی نوێی ئەمریکادا تەنها دوو رەگەز بوونیان دەبێت ئەوانیش نێر و مێ، لەم بارەیەشەوە کاردانەوەی دەربارەی هەبوونی رەگەزی دیکە دەبێت.

راگرتنی تیکتۆک

ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە، کە بڕیارێک بۆ لابردنی راگرتنی تیکتۆک دەردەکات، بەو مەرجەی کۆمپانیا چینییەکە رێژەی %50ـی پشکەکانی بە وەبەرهێنەرێکی ئەمریکی بفرۆشێت.

ئابووری و پیشەسازیی ئەمریکا

سەرۆکی نوێی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیەوە هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری ئەمریکا دەخاتەگەڕ و لەو چوارچێوەیەشدا پرۆسەی بەهێزکردنی بواری نەوت و سامانە سروشتییەکان پەرەپێدەدات.

لێخۆشبوون

ترەمپ بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ نزیکەی 1500 کەس دەکرد، کە بەهۆی هێرشکردن بۆ سەر بینای کۆنگرێس لە چەند ساڵی رابردوودا دەستگیرکرابوون.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share