بەرەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیان و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ کیر ستارمر سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، پرسی سنووردانانی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی لەلای ستارمەر لە پێشەنگی ئامانجەکانیەتی و دەیەوێت لەرێگای رێکەوتنێکەوە چارەسەری هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەری نایاسایی کە بەشێکی زۆریان لە عێراقەوەن چارەسەربکات.
بەپێی داتاکانی بلومبێرگ، لە سەرەتای ساڵی 2020 تا مانگی ئەیلولی 2024 16 هەزار و 499 کۆچبەری عێراقی بە رێگای ئاوی خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا کە دەکاتە 12% ی کۆی کۆچبەرانی وڵاتەکە.
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو ئیڤیت کۆپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا سەردانی عێراقی کردبوو و رێکەوتنێکیان لەبارەی هەماهەنگی دوولایەنە و پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بە عێراق بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ و کۆچی نایاسایی واژوو کردبوو.
بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی بەریتانیا، ئەمڕۆ سودانی و ستارمەر رێکەوتن لەبارەی پرسی کۆچبەرانی نایاسایی دەکەن، لەدوای ئەوەش بە شێوەی تەواوەتی رێکارەکانی ناردنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانەی مافی پەنابەرێتیان لە وڵاتەکەدا نییە دەستپێدەکەن و رەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.