وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رایگەیاند، “لە ماوەی رابردوودا 120 شوێن داخران کە غازی نایاساییان دەفرۆشت”.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “دوای روودانی چەند حاڵەتێکی تەقینی غاز لە هەرێمی کوردستان، چەند رێکارێکمان گرتووەتە بەر و رێگەمان نەداوە هیچ غازێکی LPG بەبێ مۆڵەت بەکاربهێندرێت”.
وتیشی، “لەماوەی رابردوودا 120 شوێن داخران کە غازی نایاساییان دەفرۆشت، یان ئەو شوێنانەی نزیکی قوتابخانەکان یان ناو مۆڵەکان و شوێنە گشتییەکان غازیان دانابوو و مۆڵەتیان نەبوو هەموویان لابران و دواتر داوایان کرد غازەکان دابنێنەوە لەسەر رێنمایی و مەرجەکانی بەرگریی شارستانی دانرانەوە”.
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر باسی لەوەش کرد، “ئەو بۆرییانەی بۆ غاز بەکاردەهێندرێن تایبەتن و جیاوازن لە بۆریی ماڵان، دەبێت یەکپارچە بن و هەستیاریی هەم لەسەر بتڵەکە و هەمیش لە ژوورەوە هەبێت بۆ ئەوەی هەر لێچوونێک هەبوو ئۆتۆماتیکی رایبگرێت”.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵانی رابردوودا چەند حاڵەتێکی تەقینی سیستمی غاز روویداوە و چەندین کەس گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون، دوێنێش لە گوندی مەحمود قەجەری سەر بە ناحیەی قۆرەتوو، سیستمی غازی ماڵێک تەقییەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانیلەدەستدا و پێنج کەسی دیکەی نێو ماڵەکە برینداربوون.