لە ئەمڕۆوە فەرمانگەكانی پاسپۆرت بە شێوازێكی دیكە كاردەكەن و بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی روونیدەكاتەوە.
عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تاكو دوێنێ هەر هاوڵاتییەك ئەگەر كارتی زانیارییەكەی سلێمانی نەبوایە نەیاندەتوانی كاری بۆ بكەن، بەڵام لە ئەمڕۆوە گۆڕاوە.
وتیشی، “دوێنێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڕیارێك دەرچووە، كە هاوڵاتی، خەڵكی هەر شوێنێك بێت و كارتی زانیارییەكیان هەر شوێنێك بێت، دەتوانن لە هەر فەرمانگەیەكی پاسپۆرت كاریان بۆ بكرێت”.
لە ئەمڕۆوە بەبێ ئەوەی وردبینی لە شوێنی كارتی زانیاری بكەن، مامەڵە بۆ سەرجەم ئەو هاوڵاتییانە دەكرێت كە روو لە فەرمانگەكانی پاسپۆرت دەكەن، عەمید سالار وای وت.
ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر ئەگەر كەسێك شوێنی كارتی زانیارییەكەی جیاوازبووایە لەو فەرمانگەیەی پاسپۆرت كە رووی لێدەكرد، یان مامەڵەكەی بۆ جێبەجێ نەدەكرا، یان بڕی 100 هەزار دینار رسوماتی لێوەردەگیرا، بەڵام لە ئەمڕۆوە ئەوە نەماوە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی باسی لەوەشكرد، پێداویستییە سەرەكییەكانی دەركردن یان نوێكردنەوەی پاسپۆرت بریتییە لە بوونی كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری.