وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پابەندییە داراییەکانمان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردووە و مووچەی مانگەکانی 10 و11 مان رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە.
وەزارەتی دارایی عێراق ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە، کە باس لەوە دەکەن وەزارەتی دارایی عێراق پابەندییەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق جێبەجێنەکردووە و جەختدەکاتەوە، “پابەندبوونی تەواوی خۆی بە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەپێی یاسا و رێکارە کارپێکراوەکان بەبێ هیچ کەمتەرخەمییەک جێبەجێکردووە”.
وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتیدەکاتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگەکانی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵ دابینکردووە، بەو پێیەی بڕە پارەی پێویست گواستراوەتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بودجەیە بەگوێرەی ئەو تەرخانکردنانەی بۆ هەرێم دیاریکرابوون، هەروەک فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی و بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی کە پابەندبوونەکەی دیاریکردبوو مووچە لە کاتی خۆیدا خەرجکراوە، بەڵام هەرێم پابەند نەبوو بەو میکانیزمەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پەسەندی کردبوو بۆ دارایی، بەهۆی کەموکوڕییەک لە میزانی موراجەعە، کە بووە هۆی دواکەوتنی ناردنی مووچە.
وەزارەتی دارایی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە مووچە لە رێگەی کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێم، هاوکات پابەندە بە دابینکردنی پارەی مووچە بەپێی کاتە دیاریکراوەکان و بەپێی دەقە یاساییە پەسەندکراوەکان.