هەسەدە: تا كۆتایی بەرگری لە كۆبانێ دەكەین

فەرماندەیی هەسەدە هۆشداری لە هەوڵەكان بۆ داگیركردنی كۆبانێ دەدات و رایدەگەیەنێت، تا كۆتایی بەرگری دەكەن.

فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێكدا بۆ رای گشتی دەڵێت، لەگەڵ رووخانی رژێم، سوریا چووە قۆناغێكی نوێوە، ئەم هەرەسهێنانە بۆشایی جیاجیای لە ناوچەكەدا دروستكردووە، دەسەڵات و سیستمی دیمەشق گۆڕاوە، بەهۆیەوە روون نییە ئاییندەی سوریا چۆن دەنەخشێندرێت.

دەشڵێت، “دەوڵەتی داگیركەری تورك كە ساڵانێكە هێرش دەكاتەسەر ناوچەكانمان لە باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەم بۆشاییەی قۆستووەتەوە، بەكرێگیراوەكانی رەوانەی شاری منبج كردووە”.

گومانی تیایدا نییە توركیا لەڕێی هێزە ئاسمانییەكانیەوە، ئەگەر بەشێوەی راستەوخۆش نەبێت، هێزە وشكانییەكانی بەشێوەی نهێنی بەشدارە لە هێرشەكەدا، ئاراستەی هێرشەكانی بەرەو بەنداوی تشرین و پردی قەرەقوزاق برد، هەوڵیشیدا بەرەو كوبانێ بەڕێبكەوێت، لەوێ شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی زۆر توند روویدا، وەك ئەوەی هەسەدە لە راگەیەندراوەكەیدا دەیڵێت.

روونیشیدەكاتەوە، “توركیا بەهەموو تەكنیكە سەربازییەكان هێرشی كردەسەر شەڕڤانانمان، بەڵام پاش پێنج رۆژ، لە ئاكامی بەرگریی گەورەی شەڕڤانان، سەرجەم ئەو هێرشانە شكستپێهێنران”.

فەرماندەیی هەسەدە دەشڵێت، لەئێستادا توركیا پلان بۆ هێرشكردنەسەر كۆبانێ دادەنێت، پلانیشی داگیركردنی تەواوی خاكی سوریا و زیانگەیاندنە بە خاكەكەمان.

دووپاتیشیكردەوە، ئێمە لە هێزەكانی سوریای دیموكرات بڕیارمان ئەوەیە كە تا كۆتایی دژ بەو هێرشانە دەوەستینەوە، چۆن كۆبانێ بوو سەرەتای لەناوبردنی تیرۆرستان، دەشبێتە سەرەتای شكستی ئەردۆغان و بەكرێگیراوكانی و شەڕڤانانمان وانەیەكی مێژووییان پێدەدەن.

هەسەدە بانگەواز ئاراستەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهان، هاوپەیمانان، كەسایەتییە دیموكرات و ئازادیخوازەكانەكان دەكات پاڵپشتیی گەلی كۆبانێ و هێزەكانی سوریای دیموكرات بكەن و پێكەوە گیانی یەكی تشرینی دووەم بەزیندوویی بهێڵنەوە، ئەو گیانەی جارێكی دیكە جیهان لە مەترسییەكانی داعش دەپارێزێت و، رۆڵی خۆیان بگێڕن لەپێناو بونیادنانی سوریایەكی دیموكرات و ئازاد.

بابەتی پێشتر

قوباد تاڵەبانی: لە سوریای نوێدا دەبێت مافەکانی کورد پارێزراوبێت

بابەتی دواتر

رێباز حەملان: هەوڵدەدەین ئەمساڵ كێشەكان چارەسەربكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share