“کار، ئازادی، شکۆمەندی” دروشمێک سەرەتای ساڵی 2011 لە تونسەوە گەیشتە گوێی جیهان و ژمارەیەك دەسەڵاتی زۆرداری کۆتایی پێهێنا
نزیكەی چواردە ساڵ لەمەوبەر رق و توڕەیی لە خەڵكی تونس-ەوە بەرامبەر بە گەندەڵی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوە و دیکتاتۆرییەت دەستیپێكرد و، نزیكەی 10 رۆژ لەمەوبەر بە رووخانی رژێم لە سوریا كۆتایی هات.
لە 17ی کانونی دووەمی ساڵی 2011، گەنجێک بەناوی محەمەد ئەلبووعەزیزی، کە کوڕێکی سەوزە و میوە فرۆش بوو و عەرەبانەکەی لەلایەن شارەوانی و پۆلیسەوە دەستی بەسەرداگیرا، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ئەوەش بووە تەقاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان و گڕی لە گەلی تونس بەردا و تاوەکو رووخانی رژێمەکەی زەینەل عابدین بن عەلی، نەوەستان.
لەگەڵ تونس، خۆپیشاندانەكان میسر، لیبیا، یەمەن و سوریای گرتەوە، لە دیارترین دروشمی خۆپیشاندەران “الشعب يريد إسقاط النظام” بوو.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونە هۆکاری سەرەکیی شۆڕشی بەهاری عەرەبی، بەجۆرێک بەشێکی زۆری خۆپیشاندانەکان لە رێگەی فەیسبووکەوە رێکدەخران و ئەنجامدەدران و کۆدەنگییان بۆ کۆدەکرایەوە، لە بەشێک لە وڵاتان ئەگەرچی بەو هۆیەوە ئینتەرنێت دەوەستێنردرا، بەڵام هەر بێسوود بوو.
خۆپیشاندانەکان بەرفراوان دەبوون و چەند وڵاتێکی دیکەشیان وەک (بەحرەین، ئوردن، مەغریب، عێراق، جەزائیر، لوبنان، کوەیت، عومان و سودان) گرتەوە، بەڵام لەم وڵاتانە ناڕەزایەتییكان نەبووە هۆی رووخانی دەسەڵاتەکان و زووتر پوکانەوە.
بەهاری عەرەبی، لە تونس دەستی پێکرد، سەرەڕای ئەوەی لە زۆرینەی وڵاتەکاندا لەماوەیەکی کەمدا بە رووخانی دەسەڵاتەکان کۆتاییهات، بەڵام لە سوریا جەنگی ناوخۆیی لێکەوتەوە و ئەو جەنگەش زیاتر لە 13 ساڵی خایاند، بەر لەوەی بە رووخانی دەسەڵاتی سیاسیی ئەسەد كۆتایی پێبێت، بەڵام خودی بەشار ئەسەد هەمان ئەو چارەنووسەی تووش نەهات كە سەرۆكی وڵاتەكانی دیكە رووبەڕووی بوونەوە.
زەینلعابدین بن عەلی، سەرۆکی تونس لە 14ی مانگی یەکی 2011 ناچارکرا دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، لە 19ی ئەیلولی 2019 لە سعودیە کۆچی دواییکرد.
حوسنی موبارەک، سەرۆکی میسر لە 11ی شوباتی 2011 ناچارکرا دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، رۆژی 25ی شوباتی ساڵی 2020 لە میسر کۆچی دواییکرد.
موعەمەر قەزافی، سەرۆکی لیبیا، لە 21ی تشرینی یەكەمی 2011 لە دەسەڵات لادرا و لە شاری سرت کەوتە دەست خۆپیشاندەران و کوژرا.
عەلی عەبدوڵا ساڵح، لە 25ی شوباتی ساڵی 2012 لە پۆستەکەی لابرا و دوورخرایەوە، بەڵام جارێكی دیكە هەوڵی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتیدا، تا ئەو کاتەی لە 4ی کانوونی یەکەمی2017 لە یەمەن کوژرا.
کۆتا وڵاتیش کە رژێمەکەی گۆڕانکاری بەسەرداهات، سوریا بوو، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2011وە خۆپیشاندان و شۆرش لەو وڵاتە دەستیپێکرد و بۆ جەنگی ناوخۆی پەلیکێشا، بەڵام لە ساڵی 2024 رژێم رووخا و ئەسەد بەرەو مۆسکۆ هەڵات.