سەرۆكی رەوتی حیكمە رایدەگەیەنێت، گرفتی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد پەیوەندی بە داهاتی نانەوتیەوە هەیە و ئومێدی خۆیشی بۆ چارەسەربوونی كێشەی مووچە رادەگەیەنێت.
بەیانیی ئەمڕۆ عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە بە سەردانێك گەیشتە كەركوك و لەلایەن رێبوار تەها، پارێزگار و، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای شارەكەوە پێشوازی كرا.
دوابەدوای كۆبوونەوەی نێوانیشان حەكیم لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان ئامانجی سەردانەكەی خستەڕوو و رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەمان بابەتی سیاسی و خزمەتگوزاری و گەشەپێدانمان تاوتوێكرد، لێرەشەوە داوا لەو لایەنانە دەکەم کە تائێستا بڕیاریان نەداوە ببن بە بەشێک لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک کە بڕیاری خۆیان بدەن و بەشداری بکەن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، بۆ ئەوەی کاریگەریی خۆیان هەبێت لەسەر کار و چالاکییە خزمەتگوزارییەكان.
وتیشی، “دڵنیام لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگارەوە سنگفراوانی هەیە بۆ پێشوازیکردن لەو بەڕێزانه، هیوادارم ئەم داواکارییەی من لەلای ئەوان جێگای قبوڵ بێت”.
کەرکوک عێراقێکی بچکۆلە و هێمایەكی پێکەوەژیانە، ئەگەر توانیمان دەست بەو پێکەوەژیانە بگرین ئەوە سەرکەوتوو دەبین و، دڵمان بەو پێکەوەژیانە خۆشە، عەمار حەكیم وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، بەخۆشحاڵیشەوە بەرەوپێشچوونی باش لەم ئیدارە نوێیە دەبینین و، کارەکان بەباشی دەڕۆن و ئەو کێشانەی لە رابردوودا هەبوون بەرەو چارەسەر دەچن.
سەرۆكی رەوتی حیكمە باسی لەوەشكرد، پرسیاری ئەوەم لێکرا ئایە کەرکوک عەرەبییە یان کوردییه یان تورکمانییە، منیش وتم کەرکوک هی خەڵکەکەیەتی و خەڵکەکەشی یەک پێکهاتە نین و، چەند پێکهاتەیەکن، باشترین وەسف بۆ کەرکوک ئەوەیە بڵێن کە کەرکوک کەرکوکییە.
دەربارەی گرفتی نێوان حکومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندیش عەمار حەكیم روونیكردەوە، دیالۆگی باش لەنێوان هەردوولا هەیە، وەک ئاشکرایه ئەم بابەتە پەیوەندی بە داهاتی نانەوتیەوە هەیە، ئێستاش قسە لەسەر ئەوەیە چۆن داهاتی وەرگرتنی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێم بخرێتە ناو بودجەوە و لەبەرامبەردا مووچەی پێ دابینبکرێت، لە گفتوگۆکاندا هەنگاوی باش نراوە و لە چەند مانگی داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین و کێشەکان چارەسەردەبن.