هێرۆ عەتار، پەرلەمانتاری خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پێموابووە بایکۆتکردنی پەرلەمان خزمەت بە خەڵکی کوردستان ناکات، بۆیە بەشداریمکرد.
هێرۆ عەتار، پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کۆنگەرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەمەودوا وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەپەرلەمان دەبم و خزمەتی خەڵک دەکەم، ئامانجیشم لە بەشداریکردنی پەرلەمانی کوردستان، بەمەبەستی خزمەتکردن و بەرگریکردنە لە خەڵکی.
ناوبراو وتیشی، “تا ئێستاش خۆم بە کۆمەڵی دادگەری دەزانم، و نەخۆم فرۆشتووە نە بۆ پارە و پۆست چوومەتە پەرلەمان، بەڵکو پێموابووە پەرلەمان دەنگی گەلە بۆیە بەشداریم تیایداکردووە”.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردودا، هێرۆ عەتار بەهۆی بەشداریکردنی لەیەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و سوێندخواردنی وەک پەرلەمانتار، لەلایەن کۆمەڵی دادگەرییەوە لەریزەکانی حزبەکە دورخرایەوە، ئەوەش دوا بەدوای ئەوە بوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاریدا، بەشداریی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نەکات.