نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی 11 دیاریکرا

نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بۆ مانگی 11 دیاریکرا کە لە نێوان 9- 10 هەزار دیناردا دەبێت بۆ هەر ئەمپێرێک.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ لیژنەی دیاریكردنی نرخی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبووەوە و به‌پێی نرخی سووته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك کارەبای موەلیدە بۆ یه‌ك ئه‌مپێر بە (43) دینار دیاریکرا، بەو پێیەى موەلیدەکان لە (225 – 235) کاتژمێر کاریان کردووە نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای مۆ‌لیده‌ لەنێوان 9-10 هەزار دیناردا دەبێت.

سەبارەت بە بەرنامەی کارکردنی مۆلیدەکان لە مانگی 12 دا کارەبای سلێمانی ئاشکرایکردووە، رۆژانە لە کاتژمێر 1:00 ی پاشنیوەڕۆ تا 1:00ی شەو کاردەکەن، لە کاتژمێر 1:00 ی شەو دەکوژێتەوە تا 6:30 خولەکی بەیانی، دواتر لە کاتژمێر6:30 ی بەیانی تا 8:00ی بەیانی کاردەکەن، دیسان لە کاتژمێر 8:00 ی بەیانی تا 1ی پاشنیوەڕۆ کارناکەن.

سەبارەت بە رۆژانی هەینی و شەممە، مۆلیدە ئەهلییەکان بەیانیان کارناکەن، لەبری ئەوە کاتژمێر 11:00 ی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.

جەختیشیکردووەتەوە، له‌ كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی مۆ‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتییان له‌ پێنج خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن مۆ‌لیده‌كه‌ سزاده‌درێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share