ئەمڕۆ قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم بڵاویکردەوە، پرۆسەکە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوامدەبێت، کە تیایدا بژمێرەکانمان سەردانی سەرجەم خێزانەکان دەکەنەوە لەسەرانسەری هەرێم کوردستان بۆ وەرگرتنی وەڵامی فۆڕمی پرسیارنامەی خێزانەکان.
بژمێرەکان 77 پرسیار لە خێزانەکان دەکان کە پرسیارنامەی باری دیمۆگرافی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، پەروەردەیی، تەندروستی، کار و بێکاری، نیشتەجێبوون، کۆچ، هۆیەکانی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون و زانیاری کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراک رۆژی لەدایکبوون ، ژمارەی ئەو کەسانەی مردوون لەنێو خێزاندا، لە خۆدەگرێت.
هەروەها سەبارەت بە خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و بوونی پێویستیەکانی ناو ماڵ پرسیار لەتەواوی خێزانەکان دەکرێت جا شارنشین بن یاخود گوند نشین.
وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، داوا لە سەرجەم خێزانەکان دەکەین هاوشێویەی قۆناغەکانی پێشوو هاوکاری بژمێرەکانمان بن، پێویستە بۆ وەڵامی پرسیارەکان کەسێکی بەرپرسی خێزانەکە لە ماڵ بێت بۆ وڵامدانەوەی.
سەبارەت بە هاوڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، ئەوانەی لەقۆناغی دووەم گەڕابوونەوە زێدی خۆیان، وەزارەتەکە دەڵێت، پێویست دەکات بۆ قۆناغی کۆتایش یەک کەس لەئەندامانی خێزانەکانیان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری بژمێرەکان بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و دەرئەنجامی پرۆسەکەش بەشێوەیەکی دروست کۆتایی پێبێت.