باوكی ئەو پزیشكەی لە هەولێر وترا جەڵدە لێیداوە و گیانیلەدەستدا بانگەوازێكی بڵاوكردەوە.
د. ئەندێشە مەریوان كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە نەخۆشخانەیەكی هەولێر بە مردوویی دۆزرایەوە و راگەیەندرا كە جەڵدە لێیداوە، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، باوكی ئەو پزیشكە بانگەوازێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا دەڵێت،”مەهێڵن ئێمەش لەسەرمەردبوونمان بكوژن، كوڕم بەڕێگاكەتدا دێم، یان منیش دێمەلات، یان سەبەبكارت لەخوێنی خۆیدا دەگەوزێنم و لە خودا نەبێت لە هیچ زیڕوحێكیش نەترساوم و ناشترسم، كوڕم بێ خەم بنوو تۆڵە بەسەبرە ئەمما بەزەبرە، با ئەو سەرمایەدار و گەندەڵ و دز و و مارمژەكانی خوێنی میللەت باش بزانن كە دەزانین چۆن لەناویان بردووی و كەیسەكەت بەلاڕێدا دەبەن”.
باسی لەوەش كردووە، “دەیانەوێت بە سیناریۆی بەدڕەوشتانە خەڵك و ئێمەش لە خشتە بەرن، ئەوانە حەسوودی بەكەسانی ئازا و زیرەك و سەلار دەبەن و پێیانوایە خەڵك نۆكەریانە و تۆش مەردبووی سەلار و ئازاد و زیرەك بوویت و زۆر نامەردانە وەك دەیانی تر لەناویان بردی”.
مەریوان فەتحی كە باوكی ئەندێشەیە زیاتر دەنووسێت و دەڵێت، “خەڵكینە كوڕەكەمیان كوشت و خەریكن وەك چەندین تاوانی دیكە، سیناریۆی بۆ دەهۆننەوە خەڵكینە و پێویستمان بە پشتگیریی ئێوە هەیە تاوەكو فشار لەدادگا و لایەنە پەیوەندارەكان بكەن، چونكە لەیەكەم سەردانی دادگا بۆمان دەركەوت كە دادگا بەقازانجی لایەنێكی نادیار كاردەكات”.
دەشڵێت، “هەروەها ئیدارەی نەخۆشخانە و زۆر لای دیكەش بەهەمانشێوە راستییەكان پەردەپۆش دەكەن و زانیاری و بەڵگەمان هەن كە دەیسەلمێنن كەیسەكە تاوانە و دژی كوڕەكەم ئەنجامدراوە و خەڵكی دەسڕۆیشتوو لەپشتییەتی و دامەزاراوەكان ناوێرن راستییەكە بڵێن”.
ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە داواكاری گشتیی كۆمەڵگەی مەدەنی هەروەها پارێزەر و یاساناسانی مرۆڤدۆست و پزیشك و كارمەندانی هاوڕێی جوانەمەرگ و هەموو خەڵكی كوردستان بە تایبەت رۆشنبیران و مامۆستایانی زانكۆ دەكات بێنە ناو كەیسەكە و لەنزیكەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی بكەن و تاوەكو تاوانباران نەتوانن بەپارە و دەسەڵات تاوانەكەیان بشارنەوە و خۆیان لە سزای كوشتنی ڕۆڵە بێ گوناح و دڵسۆز بە گەل دەربازكەن”.
راشیگەیاندووە، هەر ئەو رۆژە لەسەر نەخۆشێكی خەتەر رۆڵەكەم لەگەڵ دوو پزیشكی بەرپرس لەسەر گیانی نەخۆشێك، بەشەڕهاتووە كە ناچن چارەسەری بكەن و لە ئەنجامدا نەخۆشەكە مردووە و كوڕەكەم پێیان دەڵێت سبەینێ لە ئیدارەی نەخۆشخانە شكاتتان لێدەكەم كەچی ناهێڵن بگاتە بەیانی و دەیكوژن و بە ئێمەیان وت جەڵتە لێیداوە، باشە بۆچی ئیدارەی نەخۆشخانە بەدواداچوون ناكات؟.. بۆچی دیزە بەدەرخۆنەیان كردووە؟.. زۆر بەڵگەی ترمان لایە، بەڵام پێدەچێت ئەوانە بڕیاری خۆیان دابێت، خەڵكینە ئێمەی خێزانی جوانەمەرگ دوای كوشتنی كوڕەكەشمان هەست بەزەلیلی و بێچارەیی دەكەین، تكایە وەرنە سەرخەت .. تكایە پشتیوانمان بن لە دادگا، تا دادگا نەوێرێت و زات نەكافێڵمان لێبكات و بۆخاتری خودا وەرنە هانامان.