ئەمریکا لیستی رەشی خۆی بۆ هاوردەکردنی بەرهەمە چینییەکان فراوانترکرد و بەرهەمی نزیکەی 30 کۆمپانیای وڵاتەکە وەرناگرێت کە لە هەرێمی شینجیانگی چین کارگەیان هەیە و کەلوپەل دروستدەکەن.
ئەمریکا نزیکەی سی کۆمپانیای نوێی چینی تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی کەرەستەی خاو یان ئەو پارچە دروستکراوانەی لەلایەن نەتەوەی ئویغورەوە دروستکراون یان کۆکراونەتەوە، کە بە زۆرەملێ کاریان پێدەکرێت.
کاترین تای، نوێنەری بازرگانی ئەمریکا رایگەیاند، بە زیادکردنی ئەم قەوارانە، ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامە لە نیشاندانی پابەندبوونی خۆی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو بەرهەمانەی کە بە کاری زۆرەملێی ئویغورەکان یان کەمایەتییە نەتەوەیی یان ئایینییەکانی دیکە لە شینجیانگ دروستکراون، نەچنە ناو ئەمریکاوە.
بە گوێرەی ئامارەکان، ئەم زیادکردنە ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە گەیستووەتە 107 کۆمپانیا کە ئێستا هەناردەکردنیان بۆ ئەمریکا قەدەغەکراوە.
ئۆیغورەکان گروپێکی نەتەوەیی تورکن لە سنووری چین و مەنگۆلیا، بەشی ھەرە زۆری نەتەوەی ئۆیغوور موسڵمانی سوننەن. هەرچەندە بەشی ھەرە زۆریان دەکەوێتە ھەرێمی شینجیانگی چینی، باقی تری نەتەوەی ئۆیغوور بەسەر دەوڵەتەکانی تر دابەش دەبن وەک کازاخستان، مەنگۆلیا، تورکیا، ئەفغانستان، پاکستان، ئەڵمانیا، ئیندۆنیزیا، ئوسترالیا، تایوان، سعودیە. نەتەوەی ئۆیغوور 10 سەدە بەرلە ئێستا خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بوون بە ناوی تورکستانی رۆژھەڵات، بەڵام لەساڵی 1950دا بەیەکجارەکی بووە بەشێک لە چینی کۆمۆنیستی.