بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، هیچ بڕە پارەیەك لە داهاتی كارەبا نەدزراوە، تەنها كەیسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتییمان هەیە و بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێك بانگكراون بۆ لێكۆڵینەوە و یەك فەرمانبەر راگیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، كەناڵێكی ئاسمانی بەشێوەیەكی چەواشەكارانە و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە پێناو لێدان لە شاری سلێمانی و دوور لە هەموو ئیتیكێكی رۆژنامەوانی، باس لە كەیسی دزینی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینار دەكات لە رێگەی وەسڵی بەتاڵەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، زانیارییەكانی ئەو كەناڵە پڕە لە هەڵە و ناوزڕاندن و تەشهیر بە فەرمانبەران و بەڕێوەبەرایەتیمان، بەو پێیەی راستەوخۆ ناوی فەرمانبەرەكان و پێگە و پلەكانیان دەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتەكە هیچ پەیوەندی بە داهاتی كارەباوە نییە و هیچ بڕە پارەیەك لە داهاتی كارەبا نەدزراوە، تەنها كەیسێك لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان هەیە و بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێك بانگكراون بۆ لێكۆڵینەوە و یەك فەرمانبەر راگیراوە و لیژنەیەكی لیكۆڵینەوەش پێكهێنراوە و وردبینی لە دۆسێكاندا دەكەن و تائیستا لێكۆڵینەوە و رێكارە یاساییەكان بەردەوامەو، چاوپۆشیش لە هیچ فەرمانبەرێك ناكرێت لەكەیسەكە تێوەگلابێت.
ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا ئەم كەیسە ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوە كراوە و دادگا ئەو بابەتە یەكلادەكاتەوە، كە كێ تاوانبارە و كێش بێ تاوانە، بۆیە بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە لە بری دادگا بڕیار بدات بەتۆمەتباركردنی بەڕێوەبەرایەتیەك و فەرمانبەرەكانی، سەبارەت بەم بابەتە بە مافی خۆمانی دەزانین سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەناڵە تۆماربكەین.