كۆچكردنی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ وڵاتانی ئەوروپا كەمیكردووە و سەرۆكی كۆمەڵەیەكی بوارەكە هۆكارەكانی ئاشكرادەكات.
بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا زیاتر لە شەش هەزار و 700 كەس لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمەوە كۆچیان بۆ ئەوروپا و وڵاتانی دیكە كردووە.
بە وتەی سەرۆكی كۆمەڵەكە بەردەوام چاودێریی وردی كۆچ دەكەن، نوێنەرایەتییان لە یۆنان هەیە، جگە لەوەی پشت بە سەرچاوەكانی دیكەش دەبەستن لە نووسینگە و قاچاخچییەكان.
بەكر عەلی ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی خواستی كۆچكردنیان هەیە بە رەسمی روو لە وڵاتانی توركیا یان تونس یاخود بیلاڕوسیا دەكەن، لەوێشەوە بە قاچاغ دەچنە وڵاتانی ئەوروپاوە.
ژمارەی ئەمساڵی كۆچبەرانی هەرێم بەراورد بە ساڵانی رابردوو كەمیكردووە، بەكر عەلی وای وت و یەكێك لە هۆكارەكانیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی خەڵكێكی زۆر قەدەغەی سەفەركردن بۆ توركیا لە پاسپۆرتەكانیان دراوە، هۆكارێكی دیكەش ئەوەیە ڤیزای توركیا لە بازاڕی رەش گران بووە و نرخەكەی لەنێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 دۆلاردایە.
سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان روونیشیكردەوە، نزیكەی 85% بۆ 90%ی خوازیارانی كۆچ لە هەرێم رێگای توركیا بەكاردەهێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، وەك رێكخراوەكەیان لەماوەی رابردوودا چالاكیی جۆراوجۆری وەك سیمینار، وۆرك شۆپ و كۆبوونەوەی لە شار و ناوچە جیاجیاكانی هەرێم ئەنجامداوە و تیایدا وێنەی قوربانییانی رێگای پڕ مەترسیی كۆچیان خستوەتەڕوو بۆ ئەوەی گەنجان ئاشناكەن بەو رێگایە كە ئاسان نییە، هەروەها روونی بكەنەوە كە ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە كە لە هزر و خەیاڵیاندا بیری لێدەكەنەوە.