بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنێت، وردبینی بۆ ئەو 26 وێستگەیەی كە سكاڵایان لەسەربوو ئەنجامەكانی نەنێردرابوون بۆ كۆمسیۆن تەواوبووە و دەشڵێت، ” ئەنجامی وردبینیی دەستی و ئەلیكترۆنی هاوشێوەبوون و هیچ گۆڕانكارییەك لەدەنگەكاندا نییە”.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە میدیای رەسمیی یەكێتی راگەیاند، دوای ئەوەی 26 وێستگە لە هەرێمی كوردستان سكاڵایان لەسەربوو، لە سێ رۆژی رابردوودا هەژماری دەستی لەو وێستگانە دەستیپێكرد و ئەمڕۆ كۆتاییهات”.
دەشڵێت، “وردبینی ئەو وێستگانە بە چاودێریی نوێنەری لایەنەكان و چاودێرانی ناوخۆیی و بیانیی و كەناڵەكانی راگەیاندن بەڕێوەچوو”.